تاران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە، گەرووی هورمز بەشێکی جیانەکراوەیە لە خاکی ئێران

غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بەوەی گەرووی هورمز دەبێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا رایگەیاند، قسەکانی ترەمپ قسەی پووچن، جەختیشی کردەوە گەرووی هورمز بەشێکی جیانەکراوەیە لە خاکی ئێران.

شەممە 15ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی، غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی راستەقینە و خاوەن سەروەریی گەرووی هورمزە، لێدوانەکانی ترەمپیشی وەک بەرهەمی وەهم و خەیاڵ ناوزەند کرد، ناوبراو جەختی کردەوە، ئێران لە مەیدانی سەربازیدا سەلماندوویەتی کە هەر جۆرە سەرکێشییەک لەم گەرووەدا بە شکست و تێکشکانی هێزە دەستدرێژکارەکان کۆتایی دێت.

ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە میانەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە نیویۆرک رایگەیاند، بەنیازی ئەوەیە دوای تێکشاندنی ئێران، گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا رابگەیەنێت، ترەمپ گوتبووی: "ئێمە گەمارۆمان سەپاندووە، هیچ کەشتییەک تێپەڕ نابێت مەگەر خۆمان بمانەوێت."

لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، رەخنەی لەو لێدوانانە گرت و رایگەیاند، ناتوانرێت بە پۆستێکی سۆشیال میدیا یان فڕۆکەهەڵگرێک و وتاری هەڵبژاردن دەست بەسەر گەرووی هورمزدا بگیرێت و ئێران لە هەڕەشە و نمایشە سەربازییەکان ناترسێت.

هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گوتەیەکی رۆمانی "براکانی کارامازۆڤ"ی نووسەر دۆستۆیەڤسکی، رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی حوکمڕانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ناوچەکە تووشی پشتبەستنی زۆر بە درۆ بووە، بە جۆرێک کە چیتر ناتوانن جیاوازی لە نێوان راستی و درۆدا بکەن.