پارتی، ئەو هێزەی مێژووی سیاسیی عێراقی گۆڕی

لە ماڵێکی بچووکی گەڕەکی ئەعزەمیەی بەغداوە، مێژووی پارتێک دەستی پێکرد، دواتر بووە ئەندازیاری گۆڕانکارییە گەورەکان و داڕێژەرەوەی نەخشەی سیاسیی عێراق و کوردستان.

لە 16ـی ئابی ساڵی 1946دا، لەنێو ماڵی سەعید ناکام لە بەغدا، بناغەی پارتی دیموکراتی کوردستان داڕێژرا. ئەوە تەنیا دامەزراندنی حزبێک نەبوو، بەڵکو دەستپێکی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە کوردستانی لە قۆناخی خەباتی پەرتەوازەوە گواستەوە بۆ قۆناخی رێکخستنی سیاسی و نەتەوەیی. پارتی لەوێوە دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش وەک گەورەترین پێگەی جەماوەری، رۆڵێکی باڵا لە پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراقدا دەگێڕێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تیشک دەخاتە سەر شێوازی کارکردنیان و دەڵێت: "ئێمە رۆژانە و هەفتانە لەسەر رێبازی سەرۆک بارزانی کار دەکەین؛ ئەرکی ئێمە تەنیا نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو دەبێت هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان." ئەو جەخت دەکاتەوە، پارتی لە بەغدا پارێزەری مافە رەواکانی خەڵکە، لە پرسی مووچەوە تا دەگاتە دۆسیە هەستیارەکانی نەوت و وزە.

مێژووی پارتی پڕە لە وێستگەی سەخت؛ لە سەردەمی پادشایەتی و خەباتی نهێنییەوە تا گەیشتن بە ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی پێشوو، پارتی کارەکتەری سەرەکیی داڕشتنەوەی دەستووری نوێی عێراق بووە. بۆ پتەوکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە و چەسپاندنی پێگەی کورد، وشیار زێباری وەک بەرپرسی ناوەندیی سەرکردایەتی پارتی لە بەغدا دەستبەکار بووە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، ئاماژە دەکات، کردنەوەی بارەگای پارتی و سپاردنی ئەرکەکان بە کەسایەتییەکی وەک وشیار زێباری، جموجۆڵێکی سیاسی گەورەی دروست کردووە و لایەنەکانی دیکەشی هێناوەتە سەر خەت بۆ چالاکیی زیاتر.

ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە پارتی هێشتا بێ رکابەرە. بە بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و مسۆگەرکردنی 32 کورسی پەرلەمانی لەگەڵ پێکهاتەکان، پارتی نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش وەک هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر دەمێنێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 1946ەوە تا ئێستا، لە ماڵەکەی سەعید ناکامەوە بۆ کۆشکەکانی بڕیار لە بەغدا، وەک پارێزەری قەوارەی هەرێم و داینەمۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق بەردەوامە.