ئیکۆ عێراق هۆشداریی دەداتە حکوومەت و بانکی ناوەندی

روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکی نوێدا هۆشداری دەدات لەو بێسەروبەرییەی لە گوتاری حکوومەتدا هەیە سەبارەت بە پرسە داراییەکان و رایدەگەیەنێت، بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر بڕیاری گۆڕینی دراوی نیشتمانی، بازاڕی شڵەژاندووە و متمانەی هاووڵاتییانی بە دینار خستووەتە مەترسییەوە.

روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی ئەو شێوازی راگەیاندنە دەکات و دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی بڕیارە هەستیارە ئابووری و نەقدییەکان، وەک گۆڕینی دراو، لە رێگەی لایەنی نادروست و ناپێوەندیدارەوە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بێدەنگن، نیشانەی لاوازیی هەماهەنگیی حکوومەتە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەڕێوەبردنی دۆسێیەکی گرنگی وەک دراوی نیشتمانی لە رێگەی لێدوانی پچڕپچڕ و ناڕەسمی، لەبری کۆنگرەی رۆژنامەوانی و بەیاننامەی روون، دەرگا بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و یارییکردن بە نرخەکان دەکاتەوە و زیانێکی گەورە بە بازاڕ و بژێوی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.

ئیکۆ عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئەم بێسەروبەرییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئابووری دەبێت و وادەکات هاووڵاتییان متمانەیان بە دراوی نیشتمانی نەمێنێت و پەنا بۆ کڕینی زێڕ و دراوە بیانییەکان ببەن، ئەمەش دڵەڕاوکێی زیاتر لە بازاڕدا دروست دەکات.

لە کۆتاییدا روانگەکە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر شڵەژانێک کە لە بازاڕدا رووبدات و داوایان لێدەکات بە فەرمی روونکردنەوە بدەن. هەروەها جەختی کردەوە، پێویستە هۆکارەکانی گۆڕینی دراو، میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، خشتەی کاتی و گرەنتییەکان بۆ پاراستنی پاشەکەوتی هاووڵاتییان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.