لە سنووری سلێمانی ژمارەی بەنزینخانەکانی 750 دیناری زیاد کرا

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو بەنزیخانانەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دابەش دەکەن زیاد کراوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەلام عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی بە نرخی 750 دینار دابەش دەکەن لە سنووری سلێمانی زیاد کراوە.

گوتیشی: ژمارەی بەنزینخانەکان لە 13 بەنزینخانەوە بۆ 16 بەنزینخانە بەرز کرایەوە، ئەو سێ بەنزینخانە نوێیەی خرانە نێو لیستەکە بریتین لە، بەنزینخانەی مێلا، چوارقوڕنە و برایەتی 2.

هاوکات دوێنێ شەممە، 15ـی ئابی 2026، مەحەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 دڵنیایی دا کە ئەو بەنزینەی لە رۆژانی رابردوودا بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرا، وەک خۆی لە بەنزینخانەکاندا بەردەوام دەبێت و هیچ گرفتێکی نییە.

هەروەها دوو رۆژ لەمەوبەر ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی پاڵپشتیی کراوی حکوومی دابەش دەکەن لە سنووری سلێمانی لە 10 بەنزینخانە زیادکرا بۆ 13 بەنزینخانە.

ئێستا پلانی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تەنیا بریتییە لە دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک و دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکاندا.

بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، لەمەودوا بەنزینی 750 دیناری لە بەنزینخانەکان بۆ سەرجەم شۆفێران بەردەست دەبێت و چیتر پێویست بە دانانی لیستی تایبەتی بەنزینخانە حکوومییەکان و بەکارهێنانی کارتی سووتەمەنی ناکات، بەڵکو شۆفێران دەتوانن راستەوخۆ و بە شێوەیەکی ئاسایی بەنزینی 750 دیناری لە بەنزینخانەکان وەربگرن.