وەزیری سامانە سروشتییەکان: بڕێکی زۆر بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەخرێتە بازاڕەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرمال بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت. گوتیشی، چاودێرییەکی تووند خراوەتە سەر تانکەر و بەنزینخانەکان بۆ رێگری لە گەندەڵی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە، 15ـی ئاب، دابەشکردنی بەنزینی نۆرمالی پاڵشپتیکراو لە لایەن حکوومەتەوە بە نرخی 750 دینار دەستی پێکردووە.

بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت، ئەم هەنگاوە بە پاڵپشتی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت.

 وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ئاماژەی بە دۆخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر کرد و رایگەیاند، ئەمانە بازرگانین و کەرتی تایبەت هاوردەی دەکات، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا، بڕێکی زۆر و پێویست دەخرێتە بازاڕەوە و ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی نۆرمال و نرخی ئەو دوو جۆرە بەنزینەش دادەبەزێت.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لەو بەنزینەی لە حکوومەتی فیدراڵییەوە دێت، وەزیری سامانە سروشتییەکان روونیکردەوە، لە ئێستادا بەغدا تەنیا یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، بەو پێیە بێت ئەو بڕەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک یەک لیتر بەنزینیش بەرناکەوێت.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بکرێت تا پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی دانیشتووان یان پارێزگاکان دیاری بکرێت و بڕەکەی زیاد بکرێت.

بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و دڵنیابوون لە گەیشتنی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە بۆ دەستی هاووڵاتییان، کەمال محەممەد ئاشکرای کرد، چاودێرییەکی تووند خراوەتە سەر کارەکە و گوتی هەنگاوەکە حکوومییە و کەرتی تایبەت تەنیا لە گواستنەوەکەدا بەشدارە.

روونیشی کردەوە، بۆ ئەم ئامانجەش سەرجەم تانکەرەکان سیستەمی "جی پی ئێس"ـیان بۆ دانراوە و لە پاڵاوگەکانەوە تا دەگەنە بەنزینخانەکان چاودێری دەکرێن. جگە لەوەش کامێرای چاودێری لە بەنزینخانەکان جێگیر کراون و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و قایمقامیەت رێگری لە هەرجۆرە لادانێک دەکرێت، تاوەکو سووتەمەنییە بە کوالێتییەکی باش و بێ کێشە بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەی زۆر بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست بوو. 

بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ دابینکردنی بەنزینی ئاسایی بە نرخی 750 دینار و قەرەبووکردنەوەی جیاوازیی نرخەکەی لەسەر ئەرکی خۆی. 

کێشەی سەرەکیی کەمیی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردنی پشکی تەواوەتی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی رۆژانە تەنیا بڕێکی کەم سووتەمەنی رەوانە دەکات، ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان پشت بە داهات و پاڵاوگەکانی خۆی یان هاوردەکردن لە دەرەوە ببەستێت. بۆ رێگریکردن لە هەر لادانێکیش، وەزارەتەکە چاودێرییەکانی تووند کردووە و رێکاری نوێی گرتووەتەبەر.