بەستەڵەکی نێوان تاران و واشنتن کەی دەتوێتەوە؟
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە رێگەی نێوەندگیرانەوە تووشی چەقبەستوویی هاتوون و هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە.
یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە کە بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس قسەیانکردووە، نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان بەردەوامن لە گەیاندنی نامەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هاوکات بەرپرسانی پاکستان هەوڵی ئەوە دەدەن خوێندنەوەیەکی گەشبینانەتر لە راستیی گفتوگۆکان پێشکەش بکەن، هەروەها ئیسلام ئاباد دەیەوێت بەم هەنگاوە دۆخەکە بە جۆرێک پیشان بدات کە گوایە جووڵەیەکی جددی هەیە بە ئومێدی شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە، واقیعی مەیدانی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
ئەم دۆخە گومانەکانی لەبارەی نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ درێژخایەنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر کردووە، پێشتر ئاژانسی بلوومبێرگ ئەو ململانێیەی بە رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن وەسف کردبوو کە ئێستا هیچ رێکارێکی سیاسی بۆ کۆتاییهاتنی دیار نییە.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زیانەکانی بەرهەمهاتوو لە دزەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە تریلیۆنان دۆلار، ئەم ئامارە ئاماژەیە بۆ تێچوویەکی زۆر و قورسی ژینگەیی و ئابووری کە بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەوە روویداوە.