وەزیری دارایی عێراق: بەرەو داڕشتنی یەکەمین بودجەی بەرنامە و کارایی هەنگاو دەنێین

وەزیری دارایی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا رایگەیاند، عێراق بەرەو پەسەندکردنی یەکەمین بودجەی بەرنامە و کارایی لە مێژووی وڵاتەکەدا هەنگاو دەنێت بە مەبەستی بەستنەوەی خەرجییەکان بە ئەنجام و ئامانجەکان؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق دروستکردووە.

یەکشەممە 16ی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەپێدانی ئاستی هاوکارییە ئابووری و داراییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ئێستا بەرەو پەسەندکردنی یەکەمین بوودجەی بەرنامە و کارایی" لە مێژووی خۆیدا هەنگاو دەنێت.

فالح ساری روونی کردەوە، ئەمە پەیڕەوکردنی میتۆدۆلۆژییەکی تەواو نوێیە لە بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکاندا، کە تێیدا تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکان راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە بەدیهێنانی ئامانجەکان، جێبەجێکردنی بەرنامەکان و گەیشتن بە ئەنجامی دیاریکراو، بە جۆرێک کە کارایی و شەفافیەتی بەکارهێنانی سامانی گشتی بەرز دەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دارایی ئاماژەی بە قەیرانە هەرێمییەکان کرد و رایگەیاند: داخستنی گەرووی هورمز شوێنەواری راستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق بەجێهێشتووە، بەهۆی ئەوەی جووڵەی بازرگانی و هەناردە و تەوژمی فرۆشتنی نەوت پەیوەستە بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە.

جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ تێپەڕاندنی، بەهێزکردن و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، پەرەپێدانی کەرەستە و ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی دارایی و بەردەوامیدان بە رێڕەوی چاکسازیی ئابووری لە دامەزراوەکاندا.

لەلایەن خۆیەوە، عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات کردەوە و رایگەیاند، شانشینی یەکگرتوو ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی، پسپۆڕی و راوێژکاری لە بوارە دارایی و ئابوورییەکاندا، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوە داراییەکانی عێراق و پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات.