سوپای یەمەن 181 هێرشی بۆسەر حوسییەکان ئەنجامداوە

سوپای یەمەن رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 181 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگەکانی حووسییەکان بەڕێوەبردووە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا درۆن، تۆپهاوێژ و راجیمە بەکارهاتوون.

یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، مادج نەزیلی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی حووسی، هەروەها دەیان ئامێر و کەرەستەی سەربازی و ژمارەیەک کۆگای چەک و کەلوپەلی سەربازی لەناوبراون". نەزیلی جەختی لەوە کردەوە ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر ئامانجە سەربازییەکان و سەرچاوەکانی ئاگرکردنەوە و ئەو توانایانە چڕبوونەتەوە کە بۆ ئەنجامدانی کاری دوژمنکارانە لەسەر هێڵەکانی بەرکەوتن بەکارهاتوون.

ئەو بەرپرسە سەربازییە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان کەرتەکانی غەیڵ، عەکد، عەرەفقان، بەلور، رەدهە، نەسر، بەرەکانی باکووری تەییز، زوباب، مەقبەنە، کەرتەکانی رەغوان، رەیان، جەدافر، کەرتەکانی زۆر، هێلان، مەتەرێی هێلان، کەرتەکانی موریس، باب غەلەق، فاخیر، بەرەی تۆری باحە، بەرەکانی حەریب و بەیحان، میحوەرەکانی بەرح، حودەیدە، و بەرەکانی حەجەر لە زالیع و حالم لە ئەبیەنیان گرتووەتەوە و پێکانی راستەوخۆ لە ئامانجە دیاریکراوەکاندا بەدەستهاتوون.

نەزیلی سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە گوتی: "ئەم لێدانانە لە وەڵامی هێرشە دووبارەبووەوەکانی حووسییەکان دێن کە هاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان، ژێرخانی ئابووری، بەندەرەکان و بنکەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی یەمەنیان کردە ئامانج".

سوپای یەمەن شەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، حووسییەکان لانیکەم شەش مووشەکی بالیستییان ئاراستەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی مەئریب لە رۆژهەڵاتی سەنعا کردووە، نەزیلی روونیکردەوە، حووسییەکان ئێوارەی هەینی بە شەش مووشەکی بالیستی بەندەری موخایان کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا و دوو دەریاوانیش بێسەروشوێن بوون و هەشت هاووڵاتیش برینداربوون.

لەمبارەیەوە، عەبدولمەلیک شەریعەی، بەڕێوەبەری بەندەری موخا راگەیاندووە، کۆی گشتیی ئەو زیانانەی حووسییەکان هەینی رابردوو بە بەندەرەکەیان گەیاندووە زیاترە لە 79 ملیۆن دۆلار.

شەریعەی لەبارەی زیانە مرۆییەکانەوە گوتی: "لەگەڵ زیانە ماددییەکان، زیانی مرۆیی گەورە هەبووە، کە حەوت هاووڵاتی لە رۆژی یەکەم و سێ کەسی دیکە شەوی رابردوو گیانیان لەدەستداوە کە هەموویان مەدەنین"، ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، هێرشی هەینی رابردوو بووەتە هۆی تێکشکاندنی شەش کەشتیی بازرگانی بە تەواوەتی و زیانگەیشتن بە ژمارەیەک کەشتیی دیکە.