قالیباف: یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا شانازی و سەرکەوتنی دیپلۆماسییە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکای وەک بەڵگەی شانازی و چەسپاندنی سەرکەوتن لە مەیدانی دیپلۆماسیدا وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش کرد ئەمریکا و ئیسرائیل بە 9 ئامانجی روون و راگەیەندراوەوە هێرشیان کردە سەر ئێران، بەڵام لە هیچ ئاستێکدا نەیانتوانی بە هیچ کام لە ئامانجەکانیان بگەن.

یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران راگەیاند: "ئەمە گەورەترین شکستی رەهای ئەمریکا و ئیسرائیلە و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێمە." گوتیشی وڵات لە جەنگێکی نادادپەروەردایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکردایەتی دەکەن، بەڵام گەلی ئێران بە ئازایانە و دڵسۆزانە وەستاوەتەوە و جەنگاوە".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، ئەم سەرکەوتنە سەربازی و دیپلۆماسییە بە هەوڵ و خۆڕاگری 90 ملیۆن کەسیی گەلی ئێران بەدەستهاتووە، کە بێ گوێدانە جیاوازیی بیروڕا، ئایین، مەزهەب و نەتەوە، بە هەموو مانایەک وەستان و بەرگرییان لە کۆماری ئیسلامی و خاک و شۆڕشەکەیان کرد.

قالیباف گوتیشی: "پێموایە خەڵکی ئێمە هێشتا وەک پێویست هەستیان بەو سەرکەوتنە نەکردووە بەو شێوەیەی کە روویداوە، کاتێک خەڵک دەپرسن چی روویدا؟ واتە نەمانتوانیوە ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەو جۆرە بگێڕینەوە کە ئەو هەستی شانازییە لە دەروونی هەموو خەڵک و بەرەی بەرگری و ئازادیخوازانی جیهاندا دروست بکات."

ئەم قسانەی محەمەد باقر قالیباف دوای ئەوە دێت، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران روویان لە زیادبوون کردووە، بە تایبەت لە ناوچەی گەرووی هورمز، هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوو، گەرووی هورمز دەکەنە بەشێک لە خاکی ئەمریکا، لە بەرامبەردا لایەنی ئێرانی بە تووندی وەڵامی قسەکانی ترەمپیان دایەوە، غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی راستەقینە و خاوەن سەروەریی گەرووی هورمزە، لێدوانەکانی ترەمپیشی وەک بەرهەمی وەهم و خەیاڵ ناوزەند کرد، ناوبراو جەختی کردەوە، ئێران لە مەیدانی سەربازیدا سەلماندوویەتی کە هەر جۆرە سەرکێشییەک لەم گەرووەدا بە شکست و تێکشکانی هێزە دەستدرێژکارەکان کۆتایی دێت.