وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەکاریی تەواو بۆ ناردنی مووچە دەکات

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق کێشەی نەختینەی بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە کردووە و بڕیارە سبەی دووشەممە، پێش کاتژمێر 12ـی پێشنیوەڕۆ، تەمویلی مووچەی مانگی (تەممووز) حەفت دەکرێت.

یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: نزیکەی 840 ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆکراوەتەوە و ئامادە کراوە بۆ تەمویلکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، کە وەزارەتی دارایی ئێستا کێشەی نەختینەی نییە و پارەی پێویستی بۆ مووچە دابین کردووە.

باسی لەوەش کرد، سبەی لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمیدا، رێکارە تەکنیکییەکان بۆ ناردنی مووچە تەواو دەکرێن و پێش کاتژمێر 12ـی پێشنیوەڕۆ تەمویلی مووچەی مانگی (تەممووز) حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

روونیشی کردەوە، سبەی پارەی پێویست بە لێدەرکردنی 120 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵیدا گفتوگۆی کردووە و دڵنیایی وەرگرتووە کە سبەی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.