ئێران گەرووی هورمز وەکو کارتی فشار بەکاردەهێنێت
ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز وەک کارتی فشار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا بەکاردەهێنێت، ئاژانسی فارسی ئێران لە زاری ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران گواستییەوە گەرووی هورمز سەرمایەیەکی گەورەی ئابووری تارانە و ئەو کارتەی فشار هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆی.
یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران گوتی: "ئەم کارتەی فشار پێکهێنەری یەکێک لە مەرجە پێویستەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا"، ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە بە هەموو هێزیانەوە پارێزگاری لەم توانایە دەکەن، هاوکات روونیکردەوە، سوپای ئێران بە خێرایی تواناکانی هێرشبەری و بەرگریی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە.
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران، لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، دوای نزیکەی 40 رۆژ لە هێرشەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بوونە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست، دواتر بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ رەخساندنی زەمینەی دانوستانەکانی ئاشتی لە حوزەیران کۆتاییهات، بەڵام دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نوێبوونەوە، لەو کاتەوە پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا روویداوە و جەنگەکەش بە سەرەکی لە باشووری ئێران و دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی هورمز چڕبووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندان جار جەختیکردبووەوە ئەو گەرووەی تاران لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە دایخستووە، ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ هەینی لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا لە ئەکادیمیای پۆلیسی ویلایەتی نیویۆرک گوتی: "دوای ئەوەی ئێران تێکدەشکێنین، زۆر بە زوویی گەرووی هورمز وەک خاکی ئەمریکا رادەگەیێنم.
لە بەرامبەردا، ئێران قسەکانی ترەمپی رەت کردەوە و رایگەیاند، گەرووی هورمز لە بنەڕەتدا ئێرانییە و هەر بەو جۆرەش دەمێنێتەوە.