ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ شەڕێکی چەند رۆژە دەکات
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری شەڕێکی چەند رۆژە لە لوبنان ئامادە دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر و ناوچەی شەقیف.
یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵ 12ـی ئیسرائیل، دەیان چەکداری حزبوڵڵا لە ژێر تونێلەکاندا و لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر گەمارۆدراون، سوپای ئیسرائیلیش سەرجەم ئەو هەوڵانەی تێکشکاندووە کە مەبەست لێیان گەیاندنی هاوکاری بووە بۆ چەکدارە گەمارۆدراوەکان، روونیشیکردووەتەوە ئیسرائیل هیچ نیازێکی پاشەکشەی نییە تاوەکو کۆتایی بە لەناوبردنی ژێرخانی حزبوڵڵا لەو ناوچانە نەهێنێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا گەڕی هەشتەمی دانوستانەکان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا لە رۆما بەڕێوەبچێت، هاوکات گرژییەکان لە ناوچەکە دوای ئەوە فراوانتر بوون کە حزبوڵڵا لە وەڵامی کوژرانی رێبەری باڵای ئێران، هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.
لەلایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەمیانی سەردانێکی مەیدانی بۆ باشووری لوبنان رایگەیاند، هێزەکانیان لەو ناوچەیەی ناویان ناوە ناوچەی ئەمنی دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە تێکدانی ژێرخانەکان و ماڵەکانی ئەو ناوچەیە.
هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حزبوڵڵا رێگری سەرەکییە لەبەردەم بووژاندنەوەی ئابووریی لوبنان و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی وڵاتەکە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە حزبوڵڵای بە بەرپرسیاری تەواوەتیی بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان ناوبرد و جەختیکردەوە: پێویستە حزبوڵڵا چەک بکرێت و هەڵوەشێنرێتەوە.