مووچەی مانگی حەوت تەمویل کرا
وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە پارەدارکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران کرد و بڕیارە هەر ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە پارەدارکردن (تەمویل)ـی مووچەی مانگی حەوت (تەممووز) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە بە هەشت نووسراو دابینکردنی پارەی مووچەی مانگی حەوت جێبەجێ بکات.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ، بەمەش وەزارەتی دارایی دەتوانێت هەر ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران وەربگرێت و دەست بە دابەشکردنی بکات.