قوتابیان بە چوار ساڵی خوێندن فێری هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی دەبن

دکتۆر بارزان جەعفەر، پسپۆڕی زمانی چینی و مامۆستا لە بەشی چینی زانکۆی سەلاحەدین، وردەکاریی کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەیژینگ ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە پردێکی گرنگی ئەکادیمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین. ئاماژە بەوەش دەدات، کە لەمساڵەوە بە شێوەیەکی فەرمی و لە رێگەی سیستەمی ئۆنلاینەوە، زانکۆکە دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەکات.

 دکتۆر بارزان جەعفەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سەنگەر ئاکرەیی پەیامنێری کوردستان24ی راگەیاند، بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ساڵی 2017 لە زانکۆی بەیژینگ بۆ خوێندنە نێودەوڵەتییەکان (Beijing Foreign Studies University) دامەزراوە. پاش چەند ساڵێک لە ئامادەکاری، لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی چینەوە رەزامەندی لەسەر پرۆگرامی خوێندنەکە دراوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولـی ساڵی 2026، یەکەمین وەجبەی قوتابیان بە فەرمی دەست بە خوێندن بکەن.

بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی زمانی چینی، زانکۆکە ساڵانە لە نێوان 10 بۆ 20 قوتابی بۆ بەشی کوردی وەردەگرێت. پرۆگرامی خوێندنەکەش بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە سێ ساڵی یەکەمدا قوتابیان فێری شێوەزاری سۆرانی دەبن و لە ساڵی چوارەمدا شێوەزاری کرمانجیش دەخوێنن، تاوەکو بە تەواوی ئاشنای دیالێکتەکانی زمانی کوردی ببن.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر بارزان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2022ـەوە لە زانکۆی سەلاحەدین سەنتەری تاقیکردنەوەی زمانی چینی کراوەتەوە. ئەم سەنتەرە رێخۆشکەرە بۆ ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت بۆ ماوەی مانگێک، سێ مانگ یان 6 مانگ بچنە چین بۆ فێربوونی زمان و ئاشنابوون بە کولتووری ئەو وڵاتە، بەو پێیەی تاقیکردنەوەکان لێرە ئەنجام دەدرێن و ئەنجامەکانیش بۆ وڵاتی چین دەنێردرێنەوە.

دکتۆر بارزان جەعفەر جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژە ئەکادیمییانە، دروستکردنی پەیوەندییەکی دووسەرەیە؛ وەک چۆن قوتابیانی کورد دەچنە چین، پلانیش هەیە قوتابیانی چینی کە لە بەیژینگ خەریکی خوێندنی زمانی کوردین، بێنە هەرێمی کوردستان و لێرە لە ناو ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی کوردستاندا ئاستی زمانەکەیان بەهێزتر بکەن.

ئێستا لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین زیاتر لە 100 قوتابی دەخوێنن و تاوەکو ئێستا دوو خولی دەرچووان هەبووە، وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا خولی سێیـەمیش خوێندن تەواو بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا دەبینرێت.