سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی 11 ملیار دۆلاری قەرز لە بەغدایە

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای کرد، بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و گەشەپێدانی قەبارەی بازرگانی بۆ 12 ملیار دۆلار سەردانی بە‌غدای کردووە و بەم نزیکانە لیژنەیەکی هاوبەشی ئابووریی ئێران و عێراق لە بەغدا پێکدەهێنرێت.

عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت "ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆدەبنەوە و کێشە سەرەکییەکانی بەردەم چالاکییە بانکییەکان، دراوی و بازرگانی تاوتوێ دەکەن".

هیمەتی قسەی بۆ ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران کردووە، کە دوو رۆژە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئابووری لە بەغدان و ئاشکرای کردووە، گرنگترین تەوەرەکانی ئەم سەردانەیان بۆ عێراق بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکانە لە سەرجەم لایەنەکاندا، بە تایبەت لە چالاکییە ئابوورییەکان.

هیمەتی دەڵێت: بڕیار بوو لەم سەردانەدا بەشێک لە کارەکانمان پەیوەست بن بە بەدواداچوونی قەرزەکانمان لەسەر حکوومەتی عێراق و بانکەکانی ئەو وڵاتە، بڕیاریشە لە چوارچێوەی کۆبوونەوە و دیداراەکانماندا گفتوگۆیان لەسەر بکەین.

بە گوتەی هیمەتی پرسی وەرگرتنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق بابەتی سەرەکیی سەردانەکەیانە و بابەتی دووەمیش بەردەوامبوونی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتە. 

لەمبارەوە ئاماژەیداوە، بەر لە دەستپێکردنی جەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 12 ملیار دۆلار بووە، کە بەشێکی بەرچاوی پەیوەستە بە هەناردەی کەرتی تایبەتەوە؛ بۆیە پاراستنی ئەم ئاستەی هەناردە و زیادکردنی قەبارەکە بۆ کۆماری ئیسلامی بایەخێکی زۆری هەیە.

هەروەها ئاماژەیدا، یەکشەممە 16ـی ئەم مانگە دانیشتنێکی باشیان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق هەبووە و گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ کردووە و ئاشکرای کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەی هاوبەشی ئابووریی ئێران و عێراق لە بەغدا پێک دێت. 

بە گوتەی هیمەتی "بە گشتی، هەموو هەوڵمان ئەوەیە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق نەک تەنیا کەم نەبێتەوە، بەڵکو زیاتر و فراوانتر بێت. سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامیش گەشەپێدانی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی دۆخە سەختەکە و گوشارەکانی ئێستا پووچەڵ بکەینەوە."

بە گوێرەی ئامارەکان، عێراق 11 ملیار دۆلار پارەی هاوردەکردنی گازی شل و کارەبا قەرزاری ئێرانە، کە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار داهاتی وەزارەتی نەوتی ئێرانە، هەرچەندە لە ساڵی 2025دا لەلایەن ئەمریکاوە بڕیارێکی لێخۆشبوون بۆ دانەوەی قەرز و پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەرچوو، بەو مەرجەی عێراق لە بری پارەی کاش یان دراوی قورس، خۆراک و دەرمان بە ئێران بدات، بەڵام دواتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بڕیارەکە پاشگەز بووەوە و دانەوەی قەرزەکانی ئێرانی بە هەر رێگە و شێوەیەک راگرت.