جەمال زاری سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
ئەمینداری گشتیی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی کرد بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، جەمال زاری، ئەمینداری گشتیی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و پارێزبەندیی خاکی وڵاتەکەیە، هەروەها هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری.
راشیگەیاند: "ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و نابێت وڵاتەکەمان بکرێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی لایەنە بیانییەکان."
ئەمینداری پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی گەلی عێراق جێبەجێ بکات، هەروەها بە توندی کار بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بکات، تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی وڵات کێش بکرێتە ناو ئاگری ململانێکانی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا جەمال زاری جەختی کردەوە، پاراستنی سەلامەتیی گەل و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی، هێڵی سوورن و جێگەی هیچ جۆرە سازش و کەمتەرخەمییەک نین.