سێنتکۆم: بەردەوامین لە سەپاندنی گەمارۆی دیواری پۆڵایین بەسەر ئێراندا
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس مەیسۆن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی دیواری پۆڵایین بۆ گەمارۆدانی دەریایی ئێران.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) وێنەی هەلیکۆپتەرێکی جۆری MH-60 Sea Hawkی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەر پشتی ئەو کەشتییە جەنگییە دەفڕێت و ئەرکی چاودێریکردنی جووڵە دەریاییەکان ئەنجام دەدات.
هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە دەراییەکانی ئەمریکا، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ دەراییەی بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە.
بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم تاوەکو رۆژی 17ی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی گەمارۆکە، رێڕەوی 64 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 3 کەشتییان لەکارخستووە و چووەتە ناو 2 کەشتیی دیکەوە، تاوەکو دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی ئەو کەشتییانە بە رێنمایی و رێساکانی گەمارۆ دەریاییەکە.
ئەم راگەیاندنەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: پێویستە ئێرانییەکان ئاڵای سپی بۆ خۆبەدەستەوە دان هەڵبکەن.
سەبارەت بە هەوڵەکانی نێوەندگیریی عومان و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە پێش شەڕ لە 20%ـی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، ترەمپ هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی مەسقەت کرد و گوتی: ئەگەر عومان لە رێگەی ئێمەدا بوەستێتەوە، زۆر بە توندی بۆردوومانی دەکەین.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جەختی لە ئامانجی سەرەکیی شەڕەکە کردەوە و نووسیویەتی: ئامانجی یەکەممان، کە هەمیشە وادەمێنێتەوە، ئەوەیە کە ئێران بە هیچ جۆر و شێوازێک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها رەتیکردەوە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم کار لە بڕیارەکانی بکات و گوتی: ئەو هەڵبژاردنانە هیچ پەیوەندییەکی بە بیرکردنەوەی منەوە نییە، هاوکات جەختی لە لێدوانەکانی پێشووی کردەوە کە لە پاش تێکشکاندنی ئێران، گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا دەناسێنێت.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە تاران بڕیاری داوە دۆخی سەربازیی خۆی لە قۆناخی بەرگرییەوە بۆ هێرشبردنی تەواوەتی بگۆڕێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی: پێویستە سەرجەم دەزگا و یەکە ئێرانییەکان خۆیان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و تەواوی ناوچەکە ئامادە بکەن، چونکە ئێران ئامادەیە بڕیاری سەخت بدات و جێبەجێیان بکات.
ناوبراو هۆشداریی دا، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە تەواوی شکست بهێنن، ئەوا سوپای ئێران لە کاتی گونجاودا و بە شێوازێکی زۆر ورد هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان ئەنجام دەدات بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا بەسەر کەناراو و بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوویەتی.
بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکرای کرد، تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامێکی گەیاندووەتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، کە تێیدا هاتووە: پێویستە ئەمریکا لە ماوەیەکی دیاریکراوی کەمدا کە تەنیا چەند هەفتەیەکە، تەواوی مەرج و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات؛ ئەمەش مەرجی سەرەکییە پێش ئەوەی هیچ دانوستانێکی دیکە لەگەڵ واشنتندا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆیتەرز، رەگی ناکۆکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی 17ـی حوزەیران کە تێیدا بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگیرێن؛ بەڵام تاران بەپێی ماددەی 5ـی رێککەوتنەکە داوای بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزی دەکرد و واشنتن رەتیکردەوە، ئەمەش دواتر بووە هۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان و راگەیاندنی ترەمپ لە 7ی تەممووز بەوەی کە رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە.