فوئاد حوسێن داوای روونکردنەوەی فەرمی لە ئێران دەکات

وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو هێرشە درۆنییەی کە بە درۆنی جۆری "حەدید 110" نوسینگەی تایبەت مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.

دووشەممە 17ی ئابی 2026، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر تاران هێرشەکانی بە بیانووی بوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان لە هەرێم پاساو دەهێنایەوە، بەڵام ئەم هێرشەی کە راستەوخۆ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی کردووەتە ئامانج، پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق داوای روونکردنەوەی فەرمیی لە لایەنی ئێرانی کرد و هۆشداری دا لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە کارانە لەسەر ئاسایشی عێراق.

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی سەرسوڕمانی خۆی لەو هێرشە دەربڕی و رایگەیاند، هیچ زانیارییەکی نییە سەبارەت بەوەی هێرشەکە لە ناو خاکی ئێرانەوە ئەنجامدرابێت، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەگەڵ هەردوو حزبە سەرەکییەکە، هیچ پاساوێک بۆ کارێکی لەو شێوەیە بوونی نییە.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، فواد حوسێن داوای کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە و لایەنی پشت هێرشەکە رابگەیەنێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وێڕای رەتکردنەوەی هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی ئاڵۆزی و تێکدانی سەقامگیری، بەڵێنی دا کە بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی حکوومەتەکەی بڵاوبکاتەوە.