عێراق پێدانی پشکی گەنمی بە ئاشەکان کەمکردووەتەوە

ئەمڕۆ بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خەرج دەکرێت، هاوکات بەشە گەنمی ئاشەکانیش کەم دەکرێتەوە.

دوای ئەوەی زۆرینەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە کۆگاکاندا وەرگیرا، بە شێوەیەک بەشێکی لەلایەن حکوومەتی عێراق و بەشێکی دیکەی لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، رۆژانە بەشێک لەو بڕە بە ئاشەکان دەدرێت و بەشێکی دیکەیشی رەوانەی دەرەوە دەکرێت.

لەو بارەیەوە، میران بەختیار، بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بڕی 178 هەزار تۆن بە گەنمی جووتیارانی گوێڕ و مەخمووریشەوە وەرگیراوە. گوتیشی، ساڵانە لە 10 قۆناخدا گەنم بە ئاشەکان دەدرێت، بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕە کەم کراوەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆی هەولێر روونی کردەوە، پێشتر 35 رۆژ جارێک بڕێک گەنم بە ئاشەکان دەدرا، بەڵام ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردوویەتی بە 45 رۆژ جارێک، هەرچەندە چەند جارێک قسەیان لەگەڵ بەغدا کردووە، تاوەکو ئێستا وەڵامێکی کۆتاییان وەرنەگرتووە. ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، لەو بڕە گەنمەی وەریانگرتووە تەنیا 19 هەزار تۆنی بەسەر 13 ئاشدا دابەش دەکەن.

میران بەختیار داوا دەکات، پەلە بکرێت لە گواستنەوەی ئەو گەنمەی لە گۆڕەپانی سایلۆکەدا ماوەتەوە، چونکە ئەگەر تاوەکو پێش وەرزی بارانبارین چارەسەر نەکرێت، مەترسیی لەناوچوون و زیانپێگەیشتنی لێ دەکرێت، بەتایبەتی تەنیا لە سایلۆی هەولێر 38 هەزار تۆن گەنم لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو بڕەی دیکە لە کۆگا کۆنکرێتییەکاندا هەڵگیراوە و مەترسیی لەسەر نییە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق زیاتر لە 350 ملیار دینار وەک پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکات، بەڵام جووتیاران رەتی دەکەنەوە و داوا دەکەن تەواوی پارەکەیان بۆ خەرج بکرێت، بڕی پارەی تەواویش زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە.

بۆ وەرزی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کورد وەربگرێت، ئەمەش کەمترە لە ساڵانی پێشوو. بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئەمساڵەوە، بەشێکی زۆری گەنم لە دەرەوەی سایلۆکان و لە گۆڕەپانەکاندا ماوەتەوە، ئەمەش مەترسیی خراپبوونی لێ دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.