چێنەر نزار پەیکەرێک بۆ ئازار و کارەساتەکانی ئەنفال دروست دەکات
چێنەر نزار هونەرمەندی پەیکەرسازی کورد، پەیکەرێک بۆ ئازار و کارەساتەکانی ئەنفال بە ناونیشانی "لەدایکبوونێکی بێخواست، مردنێکی بێخواست لە پێناو کوردبوون"، دروست دەکات و دەڵێت، "دروستکردنی ئەو پەیکەرە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی یادەوەریی کارەساتی ئەنفال لە چوارچێوەی مێژووییەوە بۆ زمانێکی هونەری و بینراو؛ زمانێک کە قوربانیبوون، سڕینەوەی ناسنامە و خۆڕاگریی مرۆڤی کورد بە شێوەیەکی سیمبولی دەخەمە بەردەم بینەر."
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئابی 2026، چێنەر نزار، هونەرمەندی پەیکەرساز بە کوردستان24ی گوت، "ئەنفال وەک یەکێک لە تراژیدییە گەورەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد، لە بیرەوەریی کۆمەڵگەی کوردیدا تەنیا وەک رووداوێکی مێژوویی نەماوەتەوە؛ بەڵکو بووەتە برینێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و دەروونی. لە پڕۆژە هونەرییەکەم دا هەوڵم داوە ئەم بیرە خەمناکە لە رێگەی پەیکەرەوە بگوازمەوە بۆ بینەر، بەو ئامانجەی مێژوو تەنیا نەخوێندرێتەوە، بەڵکو ببینرێت و هەستی پێ بکرێت."
گوتیشی، "من لە بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیەدا مرۆڤێکی کورد لە قۆناخێکی پڕ لە ترس و نادیاریدا بەرجەستە دەکەم؛ فیگەرێک کە جلوبەرگی کوردی لەبەرە، بێ چەکە و چاوی بەستراوە. بەستنی چاوان، لە پەیکەرەکەدا، هێمای ئەو قوربانییانەیە کە نەیاندەزانی چیان بەسەر دێت و بۆ کوێ دەبرێن؛ تەنیا "تاوانیان" ئەوە بوو کە بە مرۆڤی کورد لەدایک بووبوون."
ئەو پەیکەرسازە باس لە گرنگیی دروستکردنی پەیکەرەکەی دەکات و دەڵێت، "هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی جلوبەرگەکە تەنیا گۆڕانێکی شێوەیی نییە، بەڵکو هێمای داماڵینی مرۆڤبوون و سڕینەوەی هەموو ئەو ناسنامە و مافانەیە کە مرۆڤ بەهۆی مرۆڤبوونەوە شایستەیەتی. کەلە سەرەکان رۆڵێکی گرنگی سیمبولێک دەبینن. ئەوان وەک بەڵگەیەکی ماددی و حاشاهەڵنەگر بۆ یادەوەریی قوربانییەکان لە ژێر زەویدا ماونەتەوە. من بە بەکارهێنانی ئەم هێمایە دەمەوێت پەیامێک بگەیەنم و بڵێم؛ ئەگەر بتوانن دەنگی مرۆڤ بخنکێنن، ناتوانن راستیی مێژوو بە تەواوی بسڕنەوە."
ئەوەشی گوت، "پەیکەرەکە تەنیا وێنەیەکی تراژیدی نییە. بە پڕۆژەکەم هەوڵ دەدەم لە ناو تاریکی و کارەساتەکەدا، بیرۆکەی بەردەوامبوون، خۆڕاگری و گەیشتن بە هیوایەکی نوێ دروست بکەم. بەم شێوەیە، قوربانیی ئەنفال تەنیا لە چوارچێوەی مردن و لەناوچووندا ناخوێندرێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە بیرەوەریی نەتەوەیەک دەبینرێت کە لەگەڵ هەموو کارەساتەکاندا هەر بەردەوام بووە."
دەربارەی بیرۆکەی دروستکردنی ئەو پەیکەرە، چێنەر نزار دەڵێت، "بیرۆکەی سەرەکیی پڕۆژەکەم لەو پرسیارەوە سەرچاوەی گرتووە کە مرۆڤێک بێ خواست لە دایک بووە، چۆن دەتوانێت بێ خواست بمرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردە؟ لەوێشەوە پەیکەرەکە دەبێتە گفتوگۆیەکی هونەری لەنێوان ژیان و مردن، ناسنامە و سڕینەوە، ترس و خۆڕاگری."
چێنەر نزار ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم پەیکەرەم بە پێوانەی 45 × 54 × 17 سم دروست کردووە. لە کۆتاییدا بینەر بەبێ ئەوەی تەنیا مێژوویەک بخوێنێتەوە، لەگەڵ پرسیارێکی قووڵ بەجێیدەهێڵم؛ کاتێک مرۆڤ بەهۆی ناسنامەکەی دەکرێتە ئامانج، چی لە مرۆڤ دەمێنێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوان کەلە سەرەکان، جلوبەرگی داماڵراو، چاوی داخراو و فیگەرێکی بێ چەکدا دەدرێتەوە؛ وەڵامێک کە دەڵێت مێژوو دەتوانێت زامدار بکرێت، بەڵام نابێت لەبیر بکرێت."
چێنەر نزار، پەیکەرسازی کورد، لە ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە. بەشداری 60 پێشانگەی هاوبەش لە ناو کوردستان و 4 پێشانگەی هاوبەش لە دەرەوەی کوردستان کردووە.