وەزارەتەکانی دارایی و شەهیدان: مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە، هەنگاوەکانی هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکرێن.

ئەمرۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوبەشدا لە نێوان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و عەبدڵڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا، بە ئامانجی جێگیرکردنیان لە ڕەشنووسی بودجەی 2027.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش هەبوو لە نێوانیان تاوەکو هاوشێوەی هاوتاکانیان لە بەغدا، تەواوی شایستە داراییەکانی ئەم توێژە لە بودجەی ساڵی 2027 دا دەستەبەر بکرێت.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئامانج لەم هەنگاوانە، رێکخستنی شایستەکان و گەرەنتی کردنی مافە یاسایی و داراییەکانی ئەم توێژە تێکۆشەرەیە هاوشێوەی هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ.