پڕۆژەی چاکسازی لە ئەرک و کارەکانی پۆلیسی کوردستان چووە واری جێبەجێکردنەوە
بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە دیوانی وەزارەت بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی چاکسازی و گۆڕینی ستراتیژی پۆلیس لە "هێز"ەوە بۆ "متمانە و خزمەت" بەڕێوەچوو، کە بەشێکە لە کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی.
سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: پڕۆژەی چاکسازی و پەرەپێدانی ئەرک و کارەکانی پۆلیسی کوردستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتیی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی باڵای کەرتی پۆلیس، بەرگری شارستانی، دادگا، ئەکادیمیاکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان سازکرا. تێیدا هەنگاوە کردارییەکانی پلانێکی تۆکمەی وەزارەت بە ناوی "ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی نیشتمانی کوردستان 2026-2030" تاوتوێ کران، کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بە ئامانجی باشترکردنی جۆرێتی خزمەتگوزارییەکان و بە سەنتەرکردنی هاووڵاتی لە کارەکانی حکوومەتدا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە هەوڵ دەدات شێوازی کارکردنی پۆلیس لە "پۆلیسی لەسەر بنەمای هێز"ەوە بگۆڕێت بۆ "پۆلیسی لەسەر بنەمای متمانە و خزمەت"، بە جۆرێک کە پەیوەندی و مامەڵەی نێوان پۆلیس و هاووڵاتی لەسەر بنەمای ڕێز، هاوبەشی و جێبەجێکردنی بێلایەنانەی یاسا دابڕێژرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، لە ماوەی رابردوودا راهێنان بە زیاتر لە هەزار ئەفسەر و کارمەند کراوە بۆ قۆناخی نوێی خزمەتکردن.
هەروەها، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە پاڵپشتی دەستەی راوێژکاری یەکێتی ئەوروپا، دیالۆگێکی سێ رۆژە لە نێوان سەرکردەکانی پۆلیسی هەرێم و راوێژکارانی تایبەت لە یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.