زانکۆی دهۆک فۆڕمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادە دەکات

زانکۆی دهۆک رایگەیاند، دەستیان بە ئامادەکردنی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کردووە؛ ئەم هەنگاوەش بەتایبەت ئەو قوتابیانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەیانەوێت لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم درێژە بە خوێندن بدەن.

چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری گشتیی زانکۆی دهۆک رایگەیاند، لەمڕۆوە دابەشکردنی فۆڕمەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی "زانکۆلاین"ـەوە بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئامادە دەکەن. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم پڕۆسەیە تایبەتە بەو دەرچووانەی نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.

بەگوێرەی راگەیاندراوی زانکۆکە، دابەشکردنی فۆڕمەکان رۆژانە لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 01:30ـی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.

زانکۆی دهۆک کە یەکێکە لە ناوەندە زانستییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، لە 19 کۆلێژ و 65 بەشی جیاواز پێکهاتووە. بەپێی ئامارەکانی تۆماری گشتی، ساڵانە نزیکەی 25,000 قوتابی لە قۆناخەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیەدا دەخوێنن. هەروەها زیاتر لە 1,800 مامۆستا و دکتۆر و پڕۆفیسۆر لە بەشە جیاجیاکاندا وانە دەڵێنەوە.