گۆڕانکاری لە کاتی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 کرا

وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی کرد و تاقیکردنەوەکانی بۆ چەند رۆژێک دواخست.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادار کردەوە، گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوەکانی وەزاریی پۆلی 12ی ئامادەیی کراوە.

بەپێی نووسراوەکە، بەهۆی پشووی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د.خ.) رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، هیچ تاقیکردنەوەیەک ناکرێت. هەروەها سەرجەم قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان بۆ بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی ئاگادار کراونەتەوە، تاقیکردنەوەکان پاش پشووەکە بە هەمان ریزبەندی بەردەوام دەبن.

لە راگەیەنراوەکەدا روون کراوەتەوە، سەرجەم بابەتەکانی تاقیکردنەوەی رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دەگوازرێنەوە بۆ رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 20226. لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەکانی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بۆ رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، دوادەخرێن.