تورکیا: لە بواری گەڕان بەدوای نەوت و گازدا هاوکاری سووریا دەکەین

وەزیری وزەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشق رایگەیاند, وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ سووریادا لە بواری گەڕان و دەرهێنانی نەوت و گاز لە وشکانی و دەریادا هاوکاری بکات؛ هاوکات ئاشکرای کرد لە چەند هەفتەی داهاتوودا هێڵی گواستنەوەی کارەبا بۆ سووریا بۆ زیاتر لە 800 مێگاوات بەرز دەکرێتەوە و رێککەوتنی هاوبەش لە بواری سەرچاوەکانی فۆسفاتیشدا واژۆ کراوە.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، ئەلپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا لە دیمەشق، وردەکاریی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لە کەرتی وزەدا خستەڕوو.

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا (TPAO) لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتە، لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی رووپێوی بوومەلەرزەیی و لێدانی بیری نەوتی نوێ بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی لە کێڵگە وشکانی و دەریاییەکانی خاکی سووریادا.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی پێشکەوتووی هەڵکۆڵینی نەوت و گازە لە قوڵایی دەریاکاندا، و ئێستاش سەرقاڵی لێدانی بیری نەوتە لە کەناراوەکانی سۆماڵ، هاوکات مۆڵەتی فەرمیی گەڕانی بەدوای نەوت لە کێڵگە دەریاییەکانی لیبیا بەدەستهێناوە.

بایراکتار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، تورکیا و سووریا ژێرخانێکی نوێی کارەبا دەکەنەوە کە توانای گواستنەوەی کارەبا لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ زیاتر لە 800 مێگاوات بەرز دەکاتەوە، کە ئەمەش هاوتای سێ هێندەی ئاستی ئێستای دابینکردنی کارەبایە.

هەر لە میانی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لێکۆڵینەوە و پشکنینی کانزاکانی تورکیا و دەستەی گشتیی بەڕێوەبردنی کانزا بەنرخەکانی سووریا، رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی فۆسفات واژۆ کرد، بە مەبەستی خۆشکردنی زەمینە بۆ دامەزراندنی پڕۆژە و کۆمپانیای هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.