ناتۆ بۆ ئێران: بەرگری لە هەموو ئەندامانمان دەکەین

ناتۆ وەڵامی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن ئێران لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان لە ئەوروپا دەکات، ئەگەر ئەمریکا جەنگ و گرژییەکانی دژ بە تاران پەرە پێبدات.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی ناتۆ بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، ناتۆ "ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و هەمیشە رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە هەموو دەوڵەتانی ئەندام."

ئەو بەرپرسەی ناتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر ئامادەیی و هەڵوێستیان بە کردەیی سەلمێندراوە، ئەویش کاتێک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە چوار کاتی جیاوازدا توانیویەتی ئەو مووشەکە بالستیانە تێکبشکێنێت کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی تورکیا ئاراستە کرابوون، جەختیشی کردەوە سیستەمی بەرگری و رێگریی ناتۆ بەهێز و کاریگەرە.

ئەم کاردانەوەیەی ناتۆ دوای ئەوە دێت، رۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، تاران تاوتوێی بژاردەیەک دەکات بۆ بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیاری پەرەپێدانی جەنگ بدات، مەبەست لێی بەرزکردنەوەی تێچووی ململانێکان و فراوانکردنی مەودای لێکەوتەکانیەتی.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، هێزەکانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا کردووە، بە تایبەت لە بولگاریا کە مانگی رابردوو رەزامەندی نیشان دا لەسەر بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانیی بیزمێر بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە ئەمریکییەکان، هەروەها ناوی قوبرسیش وەک یەکێک لە ئامانجە ئەگەرییەکان هاتووە.

هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێران وەک بژاردەیەکی دیکە بۆ کاتی تووندبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەکان، ئەگەری بە ئامانجگرتنی کێبڵە دەریاییەکانی فایبەر ئۆپتیکی لە گەرووی هورمز تاوتوێ کردووە.