لە سلێمانی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت

خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی، بە بەشداری بەرهەمە سینەماییە ناوخۆیی و جیهانییەکان، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "ئامانجی فێستیڤاڵەکە تەنیا پیشاندانی فیلم نییە، بەڵکو دەمانەوێت بە دروستکردنی بوارێک بۆ تێکەڵبوونی کولتووری، سینەمایی و فەرهەنگی، پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان سینەماکارانی کوردستان و هاوپیشەکانیان لە جیهاندا دروست بکەین."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئابی 2026، رۆزا شێخانی، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەمساڵ خولی شەشەمی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی پێشتر پێنج خولی دیکەمان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. ساڵانە فیلمەکان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان و ناوچەکەوە بۆ فێستیڤاڵ دەنێردرێن و ژمارەیەک لە سینەماکاران و میوانانی تایبەتیش بانگهێشتی فێستیڤاڵ دەکرێن."

گوتیشی: "ئامانجی فێستیڤاڵەکە تەنیا پیشاندانی فیلم نییە، بەڵکو دەمانەوێ بە دروستکردنی بوارێک بۆ تێکەڵبوونی کولتووری، سینەمایی و فەرهەنگی، پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان سینەماکارانی کوردستان و هاوپیشەکانیان لە جیهاندا دروست بکەین و بەرەوپێشبردنی هونەر و کولتوور لە سلێمانی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵ، بە تایبەتی لە بوارێکی وەک سینەما کە دەکرێت ببێتە پردێک بۆ ناساندنی تواناکانی هونەری و چیرۆکە کوردییەکان بە جیهان."

گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە باس لە خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دەکات و دەڵێت: "جیاوازییەکی گرنگی خولی ئەمساڵ، ژمارەی خەڵاتەکانە؛ 30  خەڵات بۆ باشترین بەرهەم و هونەرمەند و بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵ تەرخان کراوە. خەڵاتەکان لە لایەن لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەوە دیاریی دەکرێن و لە گرنگترین خەڵاتەکاندا وەکو، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ، خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری. لەگەڵ ئەمانەشدا، چەندین خەڵاتی دیکەی تایبەت هەیە کە بڕیاری کۆتایی لە لایەن لیژنەی دادوەرییەوە لە کۆتایی فێستیڤاڵەکە دەدرێت."

دەربارەی فیلمە وەرگیراوەکانی فێستیڤاڵ، رۆزا شێخانی ئاماژەی بەوە کرد، "فێستیڤاڵەکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکان لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە وەردەگرێت. فیلمە نێردراوەکان سەرەتا لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتی فێستیڤاڵەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و بە پێی ئاست و ناوەڕۆک و تایبەتمەندییە سینەمایییەکانیان هەڵدەبژێردرێن. بۆ خولی ئەمساڵ، زیاتر لە 100 فیلم هەڵبژێردراوە بۆ بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵ؛ بەڵام لیژنەی دادوەری لە نێوان ئەو بەرهەمانەدا بڕیار دەدات کە کام فیلمەکان دەچنە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی و شانسی بەدەستهێنانی خەڵاتیان دەبێت."

خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2025 بە دروشمی "کولتووری کوردی و زمانی دایک"، بە بەشداریی 95 فیلم لە سلێمانی بەڕێوەچوو. خولی پێنجەم بەردەوامیی رێگەی فێستیڤاڵ بوو بۆ پشتیوانی لە سینەما و دروستکردنی بوارێک بۆ پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نێوان فیلمسازانی کوردستان و جیهان. 

خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی، بەبەشداری زیاتر لە 100 فیلمی ناوخۆیی و جیهانی، بڕیارە 9ـی ئەیلوولی 2026، لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و ماوەی چەند رۆژێک بخایەنێت.