یەکێتیی ئەوروپا: دژی سزادانی سەرۆکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتین
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتییەکە بە توندی لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تۆمۆکۆ ئەکانی سەرۆکی دادگاکە و هەموو ئەو بەرپرسانە دەوەستێت کە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر سەرۆکی ئەو دادگایەدا.
چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەشدارە لە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی هەندێک لە ترسناکترین تاوانەکانی جیهان"، جەختیشی کردەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە، دەبێت دادوەر و بەرپرسانی دادگاکە بتوانن بە سەربەخۆیی و بەبێ فشاری دەرەکی کارەکانیان رابپەڕێنن.
ئەم هەڵوێستەی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە، ئەمریکا سزای بەسەر تۆمۆکۆ ئەکانی دادوەری ژاپۆنی و سەرۆکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەپاند، لەوبارەوەیە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دادگاکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە کار لەسەر بانگەشەی خەیاڵی و ناڕاست دەکات.
رۆبیۆ لە رێگەی هەژماری خۆی لە "ئێکس" رایگەیاند: "ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئەم سزایانەی بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان لەم دادگا ساختەیە سەپاندووە، رێگە نادەین ئەمریکییەکان لەو دیوی دەریاکانەوە بە تۆمەتی ناڕاست دادگایی بکرێن."
ئەم هەنگاوە بە پەرەسەندنێکی گەورە لە هەڵمەتەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای دادەنرێت، کە لە ساڵی 2002 بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و جینۆساید دامەزراوە، لە کاتێکدا ئەمریکا ئەندام نییە لەو دادگایەدا.
سزاکانی ئەمریکا بریتین لە بلۆککردنی هەر سەرمایەکی ئەو کەسانە لە ئەمریکا و دابڕانیان لە سیستەمی دارایی ئەو وڵاتە، جگە لە سەرۆکی دادگاکە، سزا بەر عەبدوڵا سی پارێزەری باڵای دادگاکەش کە خەڵکی سەنیگالە کەوتووە.
مارکۆ رۆبیۆ مانگی رابردوو ئاشکرای کردبوو، ئیدارەکەیان هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی دادگاکە، لەوانەش دەستپێکردنی هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بۆ رازیکردنی وڵاتانی دیکە تا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکشێنەوە.