لەندەن لیستی سزاکانی دژ بە تاران فراوانتر دەکات
حکوومەتی بەریتانیا، حەوت کەس و لایەنی دیکەی بەهۆی پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خستە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە.
چوار شەممە 19ـی ئابی 2026، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "رۆیتەرز" کە پشتی بە زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی بەریتانیا بەستووە، سزاکان رێکاری دارایی توند لەخۆ دەگرن، لەوانە بلۆککردنی سەرجەم ئەو سەرمایانەی لە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی بەریتانیادان، هەروەها سەپاندنی سنووردارکردنی توند لەسەر هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە.
ئەم بڕیارەی لەندەن لە چوارچێوەی ئەو سیستەمی سزایانەدایە کە دژ بە ئێران پەیڕەوی دەکات، پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردوودا، بەریتانیا سزای بەسەر 12 کەس و لایەنی دیکەی سەر بە ئێراندا سەپاندبوو، ئەو کات تۆمەتباری کردن بە تێوەگلان لە چالاکیی دوژمنکارانە، وەک داڕشتنی پلانی هێرشکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بەو گرووپانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بەریتانیا و وڵاتانی دیکە دەدەن.
سەپاندنی ئەم سزا نوێیانە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر بە ئێران، لە کاتێکدا ناکۆکییەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، پرسە ئەمنییەکان و چالاکییە ناوچەییەکانی تاران هێشتا بەردەوامییان هەیە.