خەلیل حەییە هۆشداری لە شکستی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەدات

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی پەرەسەندنی سەربازیی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی هەرەسهێنانی رێککەوتنی ئاگربەست، ناوبراو ناوەندگیرەکان بە بەرپرسیار زانی لە راگرتنی هێرشەکان و پاراستنی رێککەوتنەکە لە تێكچوون.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، خەلیل ئەلحەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی تاوانە بەردەوامەکان و کوشتنی بە ئەنقەستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرد، کە لە رۆژی سێشەممەوە پەرەی سەندووە و رۆژی چوارشەممە فەرماندە باڵاکانی پۆلیسی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج، گوتیشی: "ئەم تاوانانە دەیسەلمێنن کە ئیسرائیل لەسەر سیاسەتە تاوانکارییەکانی بەردەوامە و هیچ بایەخێک بە ناوەندگیر و زامنی رێککەوتنەکان نادات."

ئەم هۆشدارییەی حەماس دوای ئەوە دێت، وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی پۆلیس لە ناوەڕاستی شاری غەززە، 8 ئەفسەری پۆلیس و کچێکی ئاوارە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە دووەم هێرشی هاوشێوە بوو لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر چاخانەیەک لە نێو بەندەری ماسیگران، 7 کەس کوژران و 14ـی دیکەش بریندار بوون.

لە رووی سیاسییەوە، ئاڵۆزییەکان لە کاتێکدان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەتیدەکاتەوە پابەندی ئەو نەخشەڕێگایە بێت کە لە 31ـی تەممووزی رابردوو بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە دیاری کرابوو، ناتانیاهۆ داوا دەکات پێش کشانەوەی هێزەکانی لە غەززە، حەماس بە تەواوی چەک بکرێت، لە بەرامبەردا حەماس رایدەگەیەنێت تەنیا لە کاتێکدا ئامادەن چەک دابنێن کە کشانەوەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ و رێکخراو بێت.

لەمبارەیەوە هەوڵی ناوەندگیرییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستیپێکردووە بەردەوامن، بەڵام پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 1273 فەلەستینی و برینداربوونی زیاتر لە 4 هەزار کەسی دیکە، بەگوێرەی ئامارەکانیش، لە سەرەتای جەنگەوە لە تشرینی یەکەمی 2023، زیاتر لە 73 هەزار فەلەستینی کوژراون و 174 هەزار کەسیش بریندار بوون و نزیکەی 90%ی ژێرخانی کەرتی غەززەش وێران بووە.