محەمەد شوکری: لیژنەیەكی باڵا بۆ بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران پێكهێنراوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لیژنەیەکی باڵا بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران پێکهێنراوە و تا ئێستا 11 کۆمپانیای ناوخۆیی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەناردەکردنی گەنم بۆ بازاڕە جیهانییەکان تۆمار کردووە.

چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی مافی جووتیاران، لیژنەیەکی باڵا بۆ ساخکردنەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی ناوخۆیی پێکهێنراوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم هەنگاوە ستراتیژییەی حکوومەت بە ئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و رێگریکردنە لە زیانمەندبوونی دارایی جووتیارانی هەرێم، تا بتوانن بەرهەمەکانیان بە شێوازێکی شایستە ساخ بکەنەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، تا ئێستا 11 کۆمپانیای ناوخۆیی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پڕۆسەی هەناردەکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان. 

محەمەد شوکری لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و روونی کردەوە: "پڕۆسەی هەناردەکردنی گەنم بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت." 

دەشڵێت: بۆ هاندانی زیاتری کەرتی تایبەت و ئاسانکاری لە راپەڕاندنی کارەکاندا، هەر کۆمپانیایەک لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بێت، بە تەواوی لە باج و رسووماتی گومرگی دەبەخشرێت.