میسر: بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین
وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، قاهیرە پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی دەریایی.
چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، رێگەچارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان تەنیا رێگەن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی ئێستا و هۆشداریشی دا لە لێکەوتەکانی بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهان، گوتیشی: "پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەتایبەت سەبارەت بە هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە و کارکردن بۆ رازیکرنیان تا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز."
عەبدولعاتی ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان کار لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش دەکەن بۆ راگەیاندنی بەیاننامەیەکی هاوبەش بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
سەبارەت بە هەماهەنگییە هەرێمییەکان، وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی نێوان (میسر، سعوودیە، تورکیا و پاکستان) کرد وەک سەکۆیەک بۆ دیالۆگی سیاسی و راوێژی ئەمنی، هەروەها باسی لە گرنگی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب کرد کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە قاهیرە بەڕێوە بچێت بۆ تاوتوێکردنی ئەڵەنگارییە ئەمنییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەدا، عەبدولعاتی باسی لە دەسپێشخەریی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی دەریایی فرە نەتەوە کرد بۆ پاراستنی رێڕەوە دەریاییەکان لە هەڕەشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و بابولمەندەب، لەو بارەیەوە گوتی: "میسر بەشداری لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بەم پرسەدا کردووە، بەڵام قاهیرە بە وردی لێکۆڵینەوە لە هەر رێککەوتنێک دەکات کە پابەندیی سەربازیی تێدا بێت، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر بەشداریکردنی بدات."
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی میسر جەختی لەوە کردەوە، ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا بنەمایەکی جێگیرە و ناکرێت سازشی لەسەر بکرێت، چونکە تێکچوونی ئەم جووڵەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکانی وزە و ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا دەبێت.