نەجەف.. ژمارەیەک درۆن و کامێرای سیخوڕی دەستی بەسەردا گیرا

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە لە پارێزگای نەجەف سەرقاڵی بازرگانیکردن بووە بە ئامێری سیخوڕی و کەرەستەی قەدەغەکراو.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئاژانسەکە، پشتبەست بە زانیاریی وردی هەواڵگری، کەسێک دەستنیشانکرا کە لە رێگەی لاپەڕەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک" لە پارێزگای نەجەف، پڕوپاگەندەی بۆ فرۆشتنی درۆن، کامێرای سیخوڕی و ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتنی (GPS) دەکرد کە بەپێی یاسا بازرگانیکردن پێیانەوە قەدەغەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری، تیمێکی تایبەتمەند پێکهێنرا و لە رێگەی پلانێکی تۆکمەوە تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا، ئاماژە بەوەشکراوە لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەستبەسەر 4 درۆن، 4 کامێرای سیخوڕی و 11 ئامێری شوێنپێهەڵگرتنی (GPS)ی قەدەغەکراودا گیرا کە لای تۆمەتبارەکە بوون.

ئاژانسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (4)ی یاسای دژە تیرۆر رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەری، وەزارەتی ناوخۆش جەختی کردەوە، تیمە هەواڵگرییەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی سۆشیاڵ میدیا و راوەدوونانی ئەو کەسانەی بازرگانی بە کەرەستەی نایاسایی و قەدەغەکراوەوە دەکەن.