هەفتانە 18 گەشتیی ئاسمانی لە بەغدا و نەجەفەوە بۆ تاران دەکرێن
دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەهۆی داخرانی ئاسمانی ناوچەکەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026 بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "سەرداری جەنگەڵ" لە شاری رەشت لە باکووری ئێران نیشتەوە، بڕیاریشە هەفتانە 9 گەشت بۆ ئەو شارە بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی داهاتوو گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ تاران دەستپێدەکەنەوە، بەمەش کۆی گشتیی گەشتە هەفتانەییەکان لە بەغدا و نەجەفەوە بۆ تاران دەگاتە 18 گەشت، هەروەها بڕیارە لە خشتەی هەفتەی داهاتوودا، 2 گەشتی هەفتانەی دیکەش بۆ شاری مەشهەد زیاتر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتوو، هەردوو کۆمپانیای "فلای دوبەی" و "عەرەبییە ئێرلاینز" بە رەزامەندیی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستیان بە بەکارهێنانەوەی ئاسمانی ئێران کردووەتەوە بۆ تێپەڕبوونی فڕۆکەکانیان.
نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران ئاشکرای کرد، ئەم هەنگاوە دوای ئاراستەکردنی رەزامەندی و بەدواداچوونی نووسینگەی سەرپەرشتیکردنی کردارییە ئاسمانییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیی ئێران کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە دوای دانوستان و راوێژی بەردەوام لەگەڵ سەلتەنەتی عومان هاتووەتە ئاراوە، بە مەبەستی ئاسانکاری و گەشەپێدانی هاتووچۆی فڕۆکەوانیی بیانی لە ئاسمانی ئێراندا، هەروەها مۆڵەتی وەرزیی بە کۆمپانیای فلای دوبەی دراوە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتە.
رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران جەختیشی کردووەتەوە کە بە پاراستنی سەلامەتیی ئاسمانی وڵاتەکەی وەک لەپێشینەی کارەکانی، بەردەوام هەوڵ دەدات رێکار و هەماهەنگیی پێویست بکات بۆ ئاسانکاری لە هاتن و تێپەڕبوونی گەشتە ئاسمانییە بیانییەکان.
لەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتان بۆ ئێران وەستا، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان کەوت، بەڵام دوای وەستانی جەنگ وردە وردە دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.