دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان دا و مافی راژەی شارستانی و خانەنشینیی پێبەخشین.

بەپێی گشتاندنێکی فەرمی بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، دەرچووە، دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە و بڕیار درا تەواوی مافەکانی راژەی شارستانی و خانەنشینییان پێبدرێت. ئەوەش بەپێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

بە گوێرەی بڕیارەکە، لەمەودوا لە تەواوی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک فەرمانبەری ئاسایی و هەمیشەیی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی رێکخراوەکان دەکرێت و تەواوی مافە یاسایی، کارگێڕی و داراییەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە. 

لە هەمان کاتدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی راژەی شارستانی مافی خانەنشینبوونیان پێدراوە و خزمەتەکانیان بۆ هەژمار دەکرێت.

مەبەست لە فەرمانبەرانی رێکخراوەکان، ئەو کەسانەن لە رابردوودا لە نێو رێکخراوە حزبی و سیاسییەکاندا کاریان کردووە و دواتر راژەکانیان گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 ئەم توێژە لە فەرمانبەران بۆ چەندین ساڵ کێشەی هەژمارنەکردنی خزمەتەکانیان و نەبوونی تەواوی مافەکانی راژەی شارستانییان هەبوو، بەتایبەتی لە کاتی خانەنشینبووندا رووبەڕووی گرفتی یاسایی و دارایی دەبوونەوە.

 

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان