کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆی سەڵاحەددین راگەیەنرا
زانکۆی سەڵاحەددین ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی 2026 - 2027 بڵاوکردەوە و تێیدا وادەی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان، دەستپێکردنی وانەکان و دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکانی دیاری کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2026 - 2027، رۆژی 1ـی 9ـی 2026 مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە. داواش لە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆکە کراوە لەو رێکەوتەدا سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن، ژمارەی مامۆستایانی زانکۆکەش 2600 مامۆستایە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دواتر، سامان عەبدوڵڵا روونی کردەوە، لە 6 تاوەکوو 12ـی 9ـی 2026 قوتابییان بۆ مۆدیوڵەکانی خوێندن تۆمار دەکرێن. هەروەها رۆژی 13ـی 9ـی 2026 وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنی سمیستەری پایزە دیاری کراوە و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن و پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکات.
لەبارەی پشووەکانی ئەمساڵی خوێندنەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین جەختی لەوە کردەوە زانکۆکە پشت بەو پشووانە دەبەستێت کە بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەگەیەندرێن.
بۆ پرسی نیشتەجێبوونی قوتابییانیش، ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان لە 1ـی 9ـی 2026 تاوەکوو 10ـی 9ـی 2026 دەست بە دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان دەکات و قوتابییان دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون بکەن.