وۆڵ ستریت جورناڵ: واشنتن دەیەوێت ئیمارات فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران زیاد بکات
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، واشنتن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە فشار دەخاتە سەر ئیمارات بۆ ئەوەی فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران چڕتر بکاتەوە و رووبەڕووی تۆڕە داراییەکانی تاران ببێتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە داوا لە ئیمارات دەکات فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران توندتر بکات. بەپێی راپۆرتەکە، واشنتن دەیەوێت ئیمارات رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە تێکشکاندنی ئەو تۆڕە داراییانەی ئێران کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن.
سەرچاوەکانی رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەدەن، بەرپرسانی ئیمارات ترسیان لەوە هەیە کە ئەم ستراتیژییەتەی واشنتن زیان بەو کەرتە ئابوورییانەی وڵاتانی کەنداو بگەیەنێت کە پشت بە گەشتیاری و بازرگانی دەبەستن نەک تەنیا نەوت. هەروەها ئیمارات دەیەوێت هەندێک کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵ تاران بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی شکستهێنانی فشارەکان، بتوانن پەنا بۆ دیپلۆماسی ببەن.
لە لایەکی دیکەوە، عەفرا ئەلهاملی، بەڕێوەبەری کارگێڕی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشتر رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ ئێران هەڵپەساردووە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو کە ئێران هەلی رێککەوتنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستداوە، هەر بۆیە واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی ئابووریی بەرفراوان دژی تاران دەستپێدەکات.