وەزیری ناوخۆ: هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن دوورە لە هەموو بەهایەک
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و لەسەر ئەم هێرشانەی کراون، داوای روونکردنەوەیان لە ئێران کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چەندین جارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان پێشتریش هێرشی سەر بارەگاکانی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە و شەهید و برینداریشمان هەبووە، هەروەها خەڵکی مەدەنی و شوێنی مەدەنی کراونەتە ئامانج، کە دواهەمیینیان هێرشی درۆنیبوو بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن بووە.
هێرشە درۆنییەکان و داوای روونکردنەوە لە ئێران
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن خێزان ومنداڵەکانی لەو شوێنە بوونە، ئەم هێرشەش دوورە لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆڤی و هیوادارین دووبارە نەبنەوە.
هەروەها گوتی: داوای روونکردوەمان لە ئێران کردووە، کە وەڵامێکی موقنیعمان پێ بدەن، هەروەها لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵین، هاوکات عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی ئەمنیی و هەواڵگری لە یەکەم رۆژەوە پەیوەندییان پێوەکردین، هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، هەروەها هەماهەنگیش کراوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە لەگەڵ ئیران تاوتوێی ئەم بابەتە بکرێت.
وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد، لە سەردانەکەی دوێنێی محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ بەغدا ئەم بابەتەی لەگەڵ باسکراوە، چاوەڕێی روونکردنەوەی فەرمی ئێرانین لەسەر ئەم هێرشانە.
کشانەوەی هاوپەیمانان و ڕێگری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی
دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: هەبوونی ئەم هێزانە لەسەر داواکاری عێراق بووە بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆرستان و داعش، هەربۆیە لەسەر ئەم بنەمایە هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق بوونە.
رێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد، بارودۆخی ئەمنیی وا دەخوازێت ئەم پەیوەندییە بەجۆرێکی دیکە رێکبخرێتەوە و داوادەکەین هیچ بۆشایەکی ئەمنیی دروست نەبێت، چونکە ئاسایش و ئەمنییەت لە کاری لە پێشینەی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بۆیە داواکارین حکوومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمان جۆرە لێکتەگەیشتنێکیان لە نێوان هەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی هەبوون و نەبوونی ئەم هێزانە هیچ کاریگەرییەکی خراپ دروست نەکات.
سیستەمی بەرگری، پاتریۆت و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان زیاتر گوتی: سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە پەیام و هاوخەمی خۆیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە و هەروەها سوپاسی جێگری سەرۆککۆماری ئێرانیش دەکەین بۆ ئەو پەیامەی ناردوویەتی، بەڵام ئەم بابەتە پەیوەستە بە ئەوانەوە بۆ ئەوەی روونکردنەوەی پێویستیمان پێبدەن، هەبوونی سیستەمی پاتریۆت یان دژە درۆن پەیوەندی بە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە هەیە، هەر گۆڕانکارییەک هەبێت ئەوان خۆیان باشتر دەزانن کە گرنگە لەکوێ ئەم سیستەمە هەبێت، هیوادارین رێگری بکرێت لەوەی زیاتر فشارمان لێ بکرێت، چونکە هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە، کە نابینە بەشێک لەو شەر و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لەو ئاڵۆزییانە و دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەرێمیی نییە.
لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا رێبەر ئەحمەد دەڵێت، دۆستایەتی ئێمە و ئەمریکا لەگەڵ هەر وڵاتێکی دیکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە، بەرژەوەندی هاوبەشیش لە نێوان ئێمە و ئەو وڵاتانە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، جەخت دەکەینەوە لەگەڵ هیچ هێزێکی نێودەوڵەتیی دژی وڵاتێکی ناوچەکە ناوەستین، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، ئێمە هەوڵمانداوە هاوسەنگی بپارێزین و پەیوەندییەکانمان بپارێزین.
دابینکردنی سیستەمی بەرگری بۆ کێڵگە نەوتییەکان
دەربارەی سیستەمی بەرگریی لە کێڵگە نەوتییەکان، وەزیری ناوخۆ گوتیشی: لێکتێگەیشتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و غاز، ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە ئەم سیستەمە دابین بکەن و حکوومەتی عێراقیش رەزامەندی دەربڕیوە، کارکردنی ئەم سیستەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دەبێت، هیچ گرفتێک نییە و چاوەڕێی حکوومەتی عێراقین بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی خێراتر بکات.
کەمپی مەخموور و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا
لە وەڵامی هەڤرێست رەجەب پەیامنێری کوردستان24، دەربارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی کوردانی باکوور لە کەمپی مەخموور، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: گەڕانەوەی ئەو خەڵکە و گفتوگۆکانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا هەمووان بەیەکەوە گرێدراون، حکوومەتی عێراقیش لەسەر بابەتی کەمپی مەخموور جددیە و هەروەها گفتوگۆش هەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا، ئێم وەک حکوومەتی هەرێم پشتگریی تەواوی ئەو گفتوگۆیانە دەکەین لە نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەو هەنگاوە یاسایانەی نراون، هیوادارین لە کاتێکی نزیک بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەو خەلکەش بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆیان.