واشنتن و تاران بە نهێنی کاریان لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئێرانی کردووە

کۆمەڵێک ئیمەیڵی دزەپێکراو ئاشکرای دەکەن، بەرپرسانی کۆچی ئەمریکا، سەرەڕای گرژییە سیاسی و سەربازییەکان، پەیوەندیی راستەوخۆ و هەماهەنگییان لەگەڵ تاران کردووە بۆ ناردنەوەی زیاتر لە 100 هاووڵاتی ئێرانی لە نێوان ساڵانی 2025 و 2026دا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی کە ئەمرۆ پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئێرانی-ئەمریکی (NIAC) سەدان نامەی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان بەرپرسانی کۆچی ئەمریکا و لایەنی ئێرانی دەستکەوتووە، بەڵگەنامەکان وردەکاریی سێ گەشتی دیپۆرتکردنەوە دەخەنە روو کە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی دووەمی 2025 و کانوونی دووەمی 2026 ئەنجام دراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو نامانە ئاماژە بەوە دەکەن بەرپرسانی ئێران رۆڵیان هەبووە لە دیاریکردنی ئەو کەسانەی دیپۆرت دەکرێنەوە، فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) وەڵامی داواکارییەکانی تارانی داوەتەوە بۆ گۆڕینی لیستی ناوی دیپۆرتکراوەکان، لە یەکێک لە نامەکاندا بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: "بۆمان دەرکەوتووە کە تاران داوای کردووە لیستی سەرنشینەکان هەموار بکرێتەوە و پرۆسەکە خێرا بکرێت."

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، پرۆسەی ناردنەوەی ئێرانییەکان کارێکی لە پێشینە و سەرەکی بووە لای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تەنانەت لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025، مارکوس چارڵز، بەرپرسی پرۆسەکانی دیپۆرتکردنەوە، داوای کردووە پلانێکی بەپەلە بۆ ناردنەوەی 58 ئێرانی دابنرێت، سەرەڕای ئەوەی هۆشداری درابوو لە مەترسییەکانی داخستنی کایەی ئاسمانیی ئێران.

لەمبارەیەوە، جەمال عبدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئێرانی-ئەمریکی، بە توندی رەخنەی لەم هەنگاوە گرت و رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی تەنها دەرکردنی زۆرترین ژمارەی خەڵک بووە بە هەر نرخێک بێت.

هاوکات، 11 هاووڵاتی ئێرانی سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە و تیایدا هاتووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لە ئەمریکا، ناچار کراون لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێران کۆببنەوە و زانیارییەکانیان دراوە بە تاران، هەرچەندە یاسای ئەمریکا رێگە بە هەماهەنگی لۆجستی دەدات، بەڵام هاوبەشکردنی زانیاریی پەنابەران لەگەڵ وڵاتەکانیان قەدەغەیە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەوان هیچ دۆسیەیەکی تایبەت بە داواکاری پەنابەرییان لەگەڵ تاراندا هاوبەش نەکردووە.