کەشتی جۆرج واشنتن گەیشتە روژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەهەڵگرێکی نوێ گەیشتووەتە ناوچەی روژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بۆ گرتنەوەی شوێنی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکڵن.

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا  بڵاویکردەوە، فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن، لە چوارچێوەی بڵاوەپێکردنێکی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراودا، گەیشتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندی و لە روژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی بە ئەرکەکانی کرد."

سێنتکۆم رایگەیاند، دەریاوانانی ئەمریکی لەسەر فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن (CVN 73) ئەرکەکانیان بەجێدەگەیەنن، ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنجشەممە 20ـی ئاب، ئەو فڕۆکەهەڵگرە بە دەریای عەرەبدا تێپەڕ بووە.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، مانەوەی درێژخایەنی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکڵن بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ناوچەکە و بارودۆخی سەربازەکانی سەر ئەو کەشتییە، رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، رەخنەکان ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کران، بەتایبەت لەسەر پاشخانی ئەو جەنگ و گرژییانەی لەگەڵ ئێران لە ئارادان.