وەزارەتی ناوخۆ وادەی گۆڕینی مۆدێلی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دواخست

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی کاسبکار و بازرگانانی ئۆتۆمبێل دەرکرد و وادەی گۆڕینی مۆدێلی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی درێژکردەوە، بەمەش بازرگانان دەتوانن تاوەکو یەکی تشرینی دووەم ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردە بکەن.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەپێی رێنمایی ژمارە (7)ی ساڵی 2026 کە هەمواری یەکەمی رێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025ـی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوە، و رێکەوتی 20ـی ئابی 2026 بە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە؛ رێکەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەکردن لە (1ـی ئەیلول)ەوە کرایە (1ـی تشرینی دووەم).

د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی هۆکاری دەرکردنی ئەم ڕێنماییە رایگەیاندووە "دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی، بازرگانان و کاسبکارانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داوایان لەرێگەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆ پێشکەش کرد بۆ پێدانی کاتی زیاتر، دوای دیراسەکردن رێنماییەکە هەموار کرایەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی ئەم هەمواره‌ نوێیە، بازرگانان تاوەکو 1ـی تشرینی دووەمی 2026 دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بڕسێنن.

هاوکات لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی کارئاسانیی پێویست، تاوەکو ئەو کاسبکارانەی ئۆتۆمبێلیان کڕیوە و بارەکانیان لە رێگەیە، کاتی پێویستیان هەبێت و رووبەڕووی زیانی دارایی نەبنەوە.