حوسییەکان فڕۆکەخانەی نەجران و دامەزراوەی ئارامکۆیان لە سعوودیە کردە ئامانج

حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە رێگەی دوو درۆنەوە، فڕۆکەخانە و دامەزراوەیەکی نەوتیی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە شاری نەجران لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە کردووەتە ئامانج.

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باشووری سعوودیە، وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، چڕتر کردووەتەوە، هەروەها دوو رۆژ پێشتر حوسییەکان رایانگەیاندبوو، پاڵاوگەیەکی نەوتی ئارامکۆیان لە شاری جازانی سەر دەریای سوور پێکاوە.

لەمبارەیەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجام داوە، یەکەمیان ئامانجێکی هەستیاری لە فڕۆکەخانەی نەجران پێکاوە و دووەمیشیان دامەزراوەی ئارامکۆی لە هەمان شار کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەش کرد ئەمە وەک وەڵامێک بووە بۆ بەزاندنی ئاسمانی پارێزگای سەعدە لە لایەن درۆنەکانی سعودییەوە.

لە لایەکی دیکەوە، پەرەسەندنی گرژییەکانی یەمەن لە کاتێکدایە ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دۆخێکی هەستیاردایە، حوسییەکان سعوودیە تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێگریی لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی سەنعا کردووە، ئەمەش وای لێکردن گەمارۆی دەریایی بخەنە سەر سعوودیە و جارێکی دیکە دەست بکەنەوە بە لێدانی تانکەر و دامەزراوە نەوتییەکان، کە بەوەش کۆتاییان بەو ئاگربەستە هێنا کە لە ساڵی 2022دا واژۆ کرابوو.

هاوکات، موعەمەر ئەریانی، وەزیری راگەیاندنی حکوومەتی یەمەن، هۆشداریی دا لەوەی حوسییەکان پلانیان هەیە دەست بەسەر ناوچە کەناراوەکانی نزیک گەرووی باب ئەلمەندەبدا بگرن، هەروەها ئەریانی رایگەیاند ئەم هەنگاوە مەترسیی جددی بۆ سەر رێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروست دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران گەرووی هورمزی داخست وەک وەڵامێک بۆ ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە لە دژی دەستیپێکردووە.