ئەمریکا داوا لە چین دەکات ئەمریکییە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، مین زین، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییەی لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە لە چین بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراوە، بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایاسایی راگیراوە. 

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، ئەمریکا بە فەرمی داوای لە چین کرد، ئەو دوو هاووڵاتییە ئازاد بکات کە لە لایەن حکوومەتی بەیژینگەوە دەستبەسەر کراون، بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەم کردەوەیە ئاستی گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرز دەکاتەوە، بەتایبەت کە تەنها مانگێک ماوە بۆ سەردانی شی جی پینگ، سەرۆکی چین بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەربۆیە واشنتن داوا دەکات مین زین و هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمریکی کە لە چین دەستبەسەرکراون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

لای خۆیەوە، دیلان جونسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە گەیشتووەتە ئەو راستییەی کە مین زین بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستگیر کراوە، جونسۆن گوتیشی، ئێستا دوو هاووڵاتییە ئەمریکییەکە لە چین دەستبەسەرن، کە ئەوانیش "زین" و دکتۆر "یولین تشین"ن.

بەگوێرەی قسەکانی جونسۆن، مین زین بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی ئەکادیمی بە داوەتی فەرمیی حکوومەتی چین چووبووە ئەو وڵاتە، بەڵام لە 3ـی حوزەیراندا لە ویلایەتی یونان لە باشووری روژئاوای چین دەستگیر کرا.

 لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، زین بەهۆی گومانی تێوەگلان لە چالاکیی سیخوڕی کە ئاسایشی نیشتمانیی چین دەخاتە مەترسییەوە دەستبەسەر کراوە.

مین زین یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەیمانگەی ستراتیژی و سیاسەت، کە بنکەکەی لە شاری شیانگ مای لە باکووری تایلەندە، ئەم پەیمانگەیە لێکۆڵینەوە لە داینامیکیی سیاسی و ململانێ و سەرچاوەکان لە وڵاتی بورما (میانمار) دەکات، هەندێک لە بڵاوکراوەکانی زین باس لە هەژموونی چین لە ناوچە سنوورییەکانی بورما دەکەن، بەتایبەت کە بەیژینگ تۆمەتبار دەکرێت بە پاڵپشتیکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەکەن لەو وڵاتەی کە دوای کودەتاکەی 2021 تێوەگلاوە لە جەنگی ناوخۆیی.

جونسۆن جەختی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە زین و داوای ئازادکردنی هەموو ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکات کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە چین دەستبەسەر کراون یان قەدەغەی گەشتیان خراوەتە سەر، هەروەها ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکا دۆسیەی دەستبەسەرکراوەکان دەخاتە پێشینەی کارنامەی گفتوگۆکانی لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان هەردوو سەرۆک.