زلهێزەکانی ئەوروپا سەرکۆنەی پڕۆژە نوێیەکەی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا دەکەن

فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، دژی بڕیاری ئیسرائیل بۆ دروستکردنی 1200 یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری رۆژئاوای غەزە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیلیان کرد، هاوکات داوا دەکەن دەستبەجێ ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە رابگیرێت. 

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، ئیسرائیل لە ئابی 2025 رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر پڕۆژەی نیشتەجێکردنی "E1" دا، کە رووبەرەکەی نزیکەی 12 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کات هۆشداریدا، پڕۆژەکە مەترسییە بۆ سەر ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینیی سەربەخۆ کە پەیوەندیی جوگرافی هەبێت.

لەوبارەیەوە، هەریەکە لە پاریس، رۆما، بەرلین و لەندەن لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لە سایەی ناسەقامگیریی کەناری رۆژئاوا و بەرزبوونەوەی توندوتیژیی کۆچنشینەکان دژی مەدەنییەکان، بڕیارەکەی ئیسرائیل نیگەرانییەکی قووڵی لای ئەو وڵاتانە دروستکردووە.

هاوکات داوایان لە حکوومەتی ئیسرائیل کردووە دەستبەجێ لەو پلانانە پاشەکشە بکات و پڕۆژەکانی فراوانکردنی نیشتەجێبوون رابگرێت، هەروەها هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکان بەشداری لە تەندەرەکانی بیناسازیدا نەکەن، چونکە ئەو کارە وەک تێوەگلان لە پێشێلکاریی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەژمار دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا، ئێد میڵیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای راگرتنی پڕۆژەکەی کرد، هاوکات بە فەرمی نوێنەرایەتی ئیسرائیلی بانگ کردووە و ناڕەزایەتی وڵاتەکەی بۆ ئەو کردارەی ئیسرائیل پێ راگەیاندووە، میڵیباند جەختیشی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دەستەوەستان ناوەستێت لە ئاست تێکدانی چارەسەری دوو وڵات و لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆمەڵێک رێکاری توند و سزا رادەگەیەنن.

لە وەڵامی ئەو هەڵوێستانەدا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رەخنەی توندی لە بەریتانیا گرت و گوتی: "گەلی جوولەکە مافی هەیە لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بژی، وەک چۆن بەریتانییەکان مافیان هەیە لە لەندەن بژین." ساعر بەریتانیای تۆمەتبارکرد بەوەی تەنیا ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت و توندڕەویی فەلەستینییەکان پشتگوێ دەخات.

 لای خۆیەوە، رێکخراوی ئێستا ئاشتی کە رێکخراوێکی ناحکوومیی ئیسرائیلییە رایگەیاندووە، وەزارەتی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل لە 18ـی ئاب تەندەرەکەی خستووەتەڕوو و کاتی کۆتایی پێشکەشکردنی داواکارییەکان 19ـی تشرینی یەکەمە، کە دەکەوێتە هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل.

 چاودێران پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە کەناری رۆژئاوا بە کردەیی دەکاتە دوو بەش و رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکات.

ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا دەژین، هەروەها نزیکەی 500 هەزار کۆچنشینی ئیسرائیلی لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو ناوچانە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی دادەنێت.