نامۆ فازیڵ دەگەڕێتەوە UFC و بەڵێن دەدات تۆڵەی خۆی بکاتەوە

نامۆ فازیڵ پاڵەوانی کورد
نامۆ فازیڵ پاڵەوانی کورد

نامۆ فازیڵ، پاڵەوانە کوردەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەڵێن دەدات بگەڕێتەوە UFC و تۆڵەی خۆی بکاتەوە، دەشڵێت: داوا لە گەلی کورد دەکەم دەرفەتێکی دیکەم پێبدەن و پاڵپشتیم بکەن، بەڵێن دەدەم ئاڵای کوردستان بگەیەنمە لوتکەی جیهان.
نامۆ فازیڵ لە نوێترین پەیامی دا رایگەیاند داوای لێبوردن لە نەتەوەکەی دەکات کە نەیتوانی ئەمجارەیان دڵیان خۆش بکات، دەشڵێت: ئێمە وەکو کورد زۆر شانازی بە رەفتار و رەوشتمان دەکەین، لە هەمان کاتدا زۆر دڕندەشین هەرکەسێک پەلامارمان بدات ئێمەش قاچی دەشکێنین و دەبێت پیشانی دونیای بدەین کورد ئەوەندە لاواز و ئاسان نییە تا هەر کەسێک بیەوێت بەسەرمان بکەوێت و پانمان بکاتەوە.
نامۆ فازیڵ، شێرەکەی کوردان گوتیشی: لە دوایین رکابەریم دا بەرپرسانی UFC دانیان پێدا نا کە زوڵمیان لە من کرد، بەڵێنیشم پێدراوە بمگەڕێننەوە نێو رکابەرییەکانی UFC.
نامۆ فازیڵ گوتیشی: پلانێکی داڕێژراو هەبوو بۆ ئەوەی لاوازم بکەن، پێش شەڕەکە هێرشم کرایەسەر و بەجۆرێک پەلاماردرام تەنانەت شەوێک پێش شەڕەکە نەمتوانی بخەوم، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی رکابەرییەکەم هەبوو.
پاڵەوانە کوردەکە رایگەیاند ئەو نایەوێت بیانوو بۆ دۆڕانەکەی بێنێتەوە و دەشڵێت: شکستەکەم بەهۆی هەڵەی خۆم بووە، بەڵام بەڵێن دەدەم ئاڵای کوردستان لە جیهان بە بەرزی بهێڵمەوە، هەر وەکو چۆن شکستم بە جەیک بابیان هێنا و شانازییەکی گەورەم بە کورد بەخشیم بەهەمان شێوە دەبێت بگەڕێمەوە نێو مەیدانی شەڕ و تۆڵەی خۆم بکەمەوە.