پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی رەوانەی بەغدا کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027 و ناردنی بۆ بەغدا بە کۆتاییهات و  پرۆژەکە بە کاخەز و ئۆنلاین رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە.

پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتی حکوومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027  راگەیاند. 

پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، رەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کراوە؛ بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، لە پڕۆژەکەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:

- دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان. 

- دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ بەغدا. 

- دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان. 

- جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو. 

- هاوتاکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە. 

- هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان. 

- چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بەهۆکاری جیاواز لە سیستمی(UPN)  تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە. 

- دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية). 

- بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان. 

- دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بروانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم. 

هیواداریشین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن. 

هاوکات، داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی داکۆکی لەم پشکانە بکەن، تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ناو پەرلەماندا لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێن و پشکی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین کات دەستەبەر ببێت.