12 وڵات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا شەرمەزار دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەبو زوهور" لە باکووری رۆژئاوای سووریا بە توندی شەرمەزار کرد.

هەینی 21ـی ئابی 2026، وڵاتانی، تورکیا، جەزائیر، ئەندۆنیزیا، ئوردن، لوبنان، مالیزیا، مۆریتانیا، پاکستان، فەلەستین، قەتەر، سعوودیە و سۆماڵ، لە بەیاننامەیکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی سووریا و یەکپارچەیی سیاسی ئەو وڵاتەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەردەوامیی بە ئامانجگرتن و تێکدانی ژێرخانی سووریا، دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو هەوڵانەی کە بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و بونیادنانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان لە ئارادان." هەروەها هۆشدارییان داوە، ئەم کردەوانە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز دەکەن.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو 12 وڵاتە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی روون و بنەمایی بنوێنێت و هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییانە و زامنکردنی پابەندبوون بە رێککەوتنامەی ساڵی 1974ـی نێوان سووریا و ئیسرائیل.

هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور لە سووریا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاب، ئەنجامدرا و رارەوی فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج، ئەم فڕۆکەخانەیە زیاتر لە دە ساڵە لە کار کەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا و لە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەر سێ پارێزگای ئیدلب، حەما و حەلەب هەڵکەوتووە، پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بەرگری لە هێرشەکان کردووە و دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات کە رەزامەندی نیشانداوە بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لەو فڕۆکەخانەیەدا، کە ئیسرائیل بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی خۆی، بەڵام تورکیا بە توندی ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.