عێراق و سعوودیە پرسی ئاسایشی وزە و سەقامگیریی بازاڕی نەوت تاوتوێ دەکەن
عێراق و سعوودیە، کۆبوونەوەیەکی باڵایان لە شاری ریاز ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی پشتگیریکردن لە ئاسایشی وزە و زامنکردنی سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
هەینی 21ـی ئابی 2026، بە گوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمیی سعوودیە، لەم کۆبوونەوەیەدا عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزە و پیشەسازی و سامانە کانزاییەکان، و محەممەد بن عەبدوڵڵا جەدعان، وەزیری دارایی سعوودیە، پێشوازییان لە فالح ساری، وەزیری دارایی و باسم محەممەد خەزیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا و پەرەپێدانی دەرفەتەکانی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بگەیەنێت.
هەروەها هەردوولا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان خستە بەرباس و جەختیان لەسەر گرنگیی هەوڵەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە و سەقامگیرکردنی زنجیرەی دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەم کۆبونەوەیە دوای ئەوە دێت، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی ریازی کرد و لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە ئەنجام دا و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندەکەی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە، پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەکانی سەربازی و بەرگریدا تاوتوێ کرد.
هەروەها بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی ئاسایشی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، هەماهەنگیی ئەمنی و هەواڵگری، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و سەقامگیریی ناوچەکە دابین بکات.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی سعوودیە دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە لەگەڵ عێراقدا دەوەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و گەشەکردنی وڵاتەکە.
لە لایەکی دیکەوە، شاندەکەی عێراق، جارێکی دیکە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ تێکنەدانی ئاسایشی دراوسێکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی هەر وڵاتێکی دیکە دووپات کردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەرییەکەی رەت دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا رێز لە سەروەریی دراوسێکانی دەگرێت.