عومان و ئێران پرسی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان تاوتوێ دەکەن

بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان تاوتوێ کران.

هەینی 21ـی ئابی 2026، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی عومان، بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی،"رێگەکانی رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستان، هەروەها پەرەسەندنەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمیان تاوتوێ کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی لێکتێگەیشتنەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کردەیی کە پشتگیری لە ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.

ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکی چالاکی عوماندایە لە نێوان تاران و واشنتن، کە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزە، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە هەڵگیرساوە، داخرابوو.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، وەزیرانی هەردوو وڵات چەندین جار گفتوگۆی هاوشێوەیان سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و رێوشوێنە کاتییەکانی بەڕێوەبردنی گەرووەکە ئەنجامداوە، لەم دواییانەدا ئێران گەشبینیی خۆی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ عومان سەبارەت بە نەخشەڕێگەی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، هاوکات وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوە کردووە، هەر چارەسەرێکی بەردەوام بۆ قەیرانی گەرووەکە بەبێ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان، کارێکی ئەستەم دەبێت.