لە کەناراوەکانی یەمەن هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

کەشتییەکی نەوتی کە سزاکانی ئەمریکای لەسەرە، لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن رووبەڕووی هێرش بووەوە و لە لایەن چەکدارەکانەوە ئاراستەکەی بەرەو سۆماڵ گۆڕدرا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری دەریایی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.

هەینی 21ـی ئابی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، شەش چەکدار دەستیان بەسەر کەشتیی "سیبو 1"دا گرتووە کە ئاڵای ئەریتریای هەڵکردبوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا سزای بەسەر ئەم کەشتییەدا سەپاندبوو، بەو پێیەی بە بەشێک لە کەشتیگەلی سێبەر دادەنرێت کە هاوکاری ئێران دەکات بۆ دەربازبوون لەو سزایانەی خراونەتە سەر هەناردەی نەوتەکەی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی دەریایی نێودەوڵەتی و راپۆرتەکانی دەستەی بەریتانی، ئەمە لانی کەم 13ـەهمین کەشتییە کە لەمساڵدا لە نزیک کەناراوەکانی سۆماڵ یان کەنداوی عەدەن هێرشی بکرێتە سەر، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025ـدا تەنها پێنج هێرشی هاوشێوە تۆمارکرابوو.

ئەم هێرشانە یادەوەریی شەپۆلی چەتەگەریی سۆماڵی لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014 دەهێننەوە یاد، کە لەو سەردەمەدا زیانی ملیاران دۆلاری لە ئابووری جیهان دا و سەدان ملیۆن دۆلاریش وەک سەرانە بە چەتەکان درا، هەرچەندە پێشتر بەهۆی هەوڵە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکانەوە چالاکیی چەتەگەری کەم ببووەوە، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن، بەهۆی بەردەوامیی ناسەقامگیریی ئابووری و ئەمنیی سۆماڵ، ئەگەری گەڕانەوەی ئەو مەترسییە بۆ سەر رێڕەوە دەریاییەکان هەیە.